ڕێکخراوی هاوسانی
وەک پیشەی ساڵانەی خۆی و لە درێژەی کارەکانیدا، ئەمساڵ خێوەتگەی شەشەمی خۆی، بە
هاوبەشیی لقی ڕانیەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان ڕێک خست. ماوەی
خێوەتگەکە 3 ڕۆژ بوو ، لە 2-4ی ئابی 2021 و بە بەشدارییی 100 فێرخواز لە گەرمیانەوە
بۆ بادینان. ناوونیشانی خێوەتگەکە «عیرفان و تەسەووف، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی لایەنە
ئەرێنی و نەرێنییەکانیان» بوو.
تەزکییە بە مانا
قورئانییەکەی و عیرفان یان تەسەووف بەوەی ئێستا بەکار دەبرێت، چەند ساڵێکە بوونەتە
بابەتی ڕۆژ و گرنگییەکی تایبەتییان پێ دەدرێت و دەیان کتێبیان لەسەر نووسراوە و سەدان
کاتژمێر دەربارەیان وتراوە و دەوترێت. وەک هەر بابەتێکی تری نوێ کە دێتە ناو
کۆمەڵگەیەکەوە، کەسانێک لەبەر بابەتیبوونی بابەتەکە لێێ دەدوێن و شەنوکەوی دەکەن و
بە بابەتی خۆیانی دەزانن. کۆمەڵێکی تریش وەکو منداڵێک کە تازە ئاشنای ئەلفبێ دەبێت
و ڕۆژانە پیتی نوێ فێر دەبێت و دەیڵێتەوە، ڕۆژانە شتێکی تازەیان دەربارەی بابەتەکە
چنگ بکەوێت، دنیای لێ ئاگادار دەکەنەوە.
عیرفان و
تەسەووف، جیا لەوەی ناوێلێکی جوانن، زۆر هەستیارن و پەیوەندن بە باوەڕی ئایینیی خەڵکەوە؛ باوەڕیش وەکو باخچەیەکی پڕ لە گوڵ وایە، گەر ڕۆژانە دەستت پێوە نەبێت و
خزمەتی نەکەیت، گژوگیا و دڕک و دەوەن ناشرینی دەکەن. ئیمان پێویستی با
پارێزگاریلێکردنە و نابێت با و بارانی خورافییات و قسەی پیرێژنان ژەنگی لێ
هەڵبێنێت. ئیمان تا زانین و زانایان لە خزمەتیدا بن، سەرکەشە و لە بەرزیدایە،
بەڵام کە کەوتە دەستی خەڵکی نادان و بووە ڕیوایەتی بەر ئاگردان، جوانییەکەی
نابینرێت و دەیان کێشە بەدوای خۆیدا دێنێت و ئەوکات ئایین دەبێتە ئەوەی کە مارکس
دەڵێت، «ئایین تلیاکی گەلانە.»
لەم خێوەتگەیەدا
و بۆ پاراستنی هاوسەنگی و نزیکبوونەوە لە حەقیقەت، بابەتەکانی لە هەردوو دیوەوە
قسەیان لێ دەکرا. هێندێک لە مامۆستایان ڕایان وا بوو کە تەسەووف و وەرگرتنی
تەریقەت کارێکی باشە و هەیشبوو بە بیدعەی دەزانی. جیا لە مامۆستایان،
بەشداربووانییش فرەڕەنگ و بۆ بوون و هێڵی بیرکردنەوەی جیاوازیان تێدا بوو.
لە ماوەی ئەو سێ
ڕۆژەدا، 13 بابەتی چڕ و پڕ پێشکەش کران:
1. کۆڕێکی مامۆستا قانع خورشید، لەژێر ناوونیشانی (عیرفان، سۆفیگەری و سۆفییەکان،
سێ چەمک و دنیایەک مانا.)
2. کۆڕێکی
دکتۆر عوسمان هەڵەبجەیی، لەژێر ناوونیشانی (تەفسیری ئیشاریی قورئان، خاڵە بەهێز و
لاوازەکان.)
3. کۆڕێکی
دکتۆر قاسم سیوەیلی، لەژێر ناوونیشانی (پێگەی تەسەووف لەنێو زانستە ئیسلامییەکاندا.)
4. کۆڕێکی کاک
بنار قەرەداغی، لەژێر ناوونیشانی (عیرفانی مۆدێرنە.)
5. کۆڕێکی م.
ئاڤار قەرەداغی، لەژێر ناوونیشانی (بزووتنەوەی خزمەت و فەتحوڵڵا گویلەن.)
6. کۆڕێکی م.
فازڵ حەیدەر، لەژێر ناوونیشانی (نوورسی و بزاوتی نوور و پەیوەندییان بە تەسەووفەوە.)
7. کۆڕێکی دکتۆر
هێمن خورشید، لەژێر ناوونیشانی (لەخۆدانی سۆفییان لە ڕووی پزیشکی و سایکۆلۆجییەوە.)
8. کۆڕێکی مامۆستا
تەحسین حەمە غەریب، لەژێر ناوونیشانی (عیرفانی ئیسلامیی سەردەمی نوێ.)
9. کۆڕێکی مامۆستا
شڤان ئیبڕاهیم، لەژێر ناوونیشانی (جیاکاریی شەریعەت، تەریقەت و حەقیقەت.)
10. کۆڕێکی دکتۆر
سەید ئەحمەد پێنجوێنی، لەژێر ناوونیشانی (کام تەسەووف قبووڵکراوە و کامە ڕەدکراو؟)
11. کۆڕێکی دکتۆر
سەباح بەرزنجی و مامۆستا قانع خورشید، لەژێر ناوونیشانی (گفتوگۆی: سۆفیگەری و بیدعەگەرایی
لە ئیسلامدا.)
12. کۆڕێکی مامۆستا
دلێر گەرمیانی، لەژێر ناوونیشانی (هۆکار و بنەماکانی ڕەخنەی ئوسوڵییەکان لە سۆفیگەرایی.)
13. کۆڕێکی
مامۆستا قانع خورشید، لەژێر ناوونیشانی (گەشتی شێخ محەمەد ڕەشید ڕەزا، لە تەسەووفەوە بۆ سەلەفیبوون.)
نوێژی بەکۆمەڵ و
نانخواردن پێکەوە و یەکترناسین و کاری هونەر، بەشێک بوون لە بەرنامەی خێوەتگەکە. هەر
لە ڕۆژی یەکەمەوە بەشداربووان دابەش کرانە سەر چەند گرووپێک، بۆئەوەی هەر ڕۆژەی
گرووپێک سەرقاڵی ئیشوکاری وەکو ئامادەکردنی چایی، ڕاخستنی سفرە و کۆکردنەوە بن و
بە شیوازێکی ڕێکخراو ئیشوکارەکان بەڕێ بکرێن.
لێرە دەتوانن
بینەری بابەتەکانی خێوەتگەکە بن:
https://bit.ly/3k31udd










